رۆژى سێشه‌ممه‌ 8/ 11/ 2016 به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان به‌ڕێوه‌به‌رانى ئامار له‌ پارێزگاكانى هه‌ولێر و سلێمانى و به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌ى ئاماژه‌ پێكراو، له‌ هۆڵى كۆبوونه‌وه‌كانى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم، به‌ڕێز سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌يه‌ك بۆ تاوتوێ كردنى رووپێوه‌كه‌ ئه‌نجام درا كه‌ بڕيار وايه‌ له‌ كۆتايى ئه‌م مانگه‌دا ده‌ست به‌ ئه‌نجامدانى بكرێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ مه‌به‌ستى ئه‌م پڕۆژه‌يه‌ كرا كه‌ بريتييه‌ له‌ درووست كردنى هاوسه‌نگييه‌كى زانستى له‌ نێوان بازاڕى كار و پێداويستييه‌كانى له‌ رووى پيشه‌ييه‌وه‌ و خوێندنى ته‌كنيكى و پيشه‌يى له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا. ئه‌م رووپێوه‌ به‌شێكه‌ له‌و به‌رنامه‌ و‌ پلانه‌ى كه‌ وه‌زاره‌تى پلاندانان ئاماده‌ى كردووه‌ وه‌ك نه‌خشه‌ رێگاى چاكسازيى ئابوورى كه‌ له‌ مانگى ئايارى رابردوودا راگه‌يه‌ندرا و بڕيارى جێبه‌جێ كردنى درا. ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م رووپێوه‌ ده‌توانێت هه‌ماهه‌نگى و هاوسه‌نگى له‌ نێوان بازاڕى كار و پێداويستييه‌كانى له‌گه‌ڵ خوێندنى پيشه‌يى و ته‌كنيكى له‌ هه‌رێمى كوردستان درووست بكات و رێگه‌ له‌ گله‌يى ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێت كه‌ به‌ هۆى ده‌ست نه‌كه‌وتنى كارى شياو و گونجاو له‌گه‌ڵ خويندنه‌كه‌يانه‌وه‌ بێكار ماونه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و كارانه‌ش كه‌ ته‌كنيكين و پێويستيان به‌ پسپۆڕى و كارامه‌يى و پيشه‌يى بوون هه‌يه‌ به‌ره‌و پێش ده‌بات و وا ده‌كات ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌و بوارانه‌دا كار ده‌كه‌ن زانياريى پێويستى زانستى و ئه‌كاديميان هه‌بێت له‌ كاره‌كه‌ى خۆياندا.

دواتر پرسيارنامه‌ى رووپێوه‌كه‌ بۆ ئاماده‌بووان خرايه‌ روو و شێواز و چۆنيه‌تى به‌ئه‌نجام گه‌ياندنى ئه‌م جۆره‌ رووپێوانه‌ و ئه‌نجام و سووده‌كانيان له‌ لايه‌ن ئاماده‌ بووانه‌وه‌ گفتوگۆيان له‌سه‌ر كراو و بڕيار درا  ده‌ست به‌ ئاماده‌كارييه‌كان بكرێت بۆ جێبه‌جێ كردنى ئه‌م رووپێوه و ليژنه‌كانى پێويست و ستافى كارى مه‌يدانى و گشت پێداويستييه‌كانى تر ئاماده‌ بكرێن‌.