ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم كه‌ له‌لايه‌ن سندوقى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان (UNFPA) بانگهێشت كرابوو، به‌شداريى كرد له‌ ديدارێك  به‌ناوى ‘‘ديدارى هه‌رێمى له‌باره‌ى به‌هێزكردنى توانا هه‌رێمايه‌تييه‌كان بۆ ئاراسته‌كردنى ئامانجه‌كانى گه‌شپێدانى به‌رده‌وام ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى كۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تيى گه‌شه‌پێدانى دانيشتوان دانراون‘‘ و به‌ڕێزان سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و به‌رپرسى به‌شى دانيشتوان و هێزى كار به‌شداريى ديداره‌كه‌يان كرد كه‌ له‌ رۆژانى 18 و 19 ى ته‌موز 2017 له‌ عه‌ممانى پايته‌ختى شانشينى ئوردن بۆ سێ توێژى په‌يوه‌نديدار به‌م بابه‌ته‌‌، په‌رله‌مانتاره‌كان، بڕيارسازه‌كان و ئامارزانه‌كان؛ له‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بييه‌كانه‌وه‌ ساز درا بوو. ئه‌ركى سه‌ره‌كيى ئه‌م ديداره‌ گفتوگۆ كردن و هه‌ڵسه‌نگاندن بوو بۆ بارودۆخى 39 نيشانده‌رى په‌يوه‌نديدار به‌ ناونيشانى ديداره‌كه‌ كه‌ له‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بيانه‌دا به‌ شێوه‌يه‌كى لاواز كاريان له‌سه‌ر كراوه‌ ياخود ده‌كرێت.

مه‌به‌ستى سه‌ره‌كيى ديداره‌كه‌ گه‌نگه‌شه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخى ئه‌و نيشانده‌رانه‌ى ئامانجه‌كانى گه‌شه‌پێدانى به‌رده‌وام بوو كه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى كۆنفرانسى نێوده‌وڵه‌تيى گه‌شه‌پێدانى دانيشتوان دانراون و تيايدا جه‌خت كرايه‌وه‌ له‌سه‌ر گوڕوتين دان و خێراتر كردنى رێكاره‌كانى گه‌يشتن به‌و نيشانده‌رانه‌. هه‌روه‌ها باس له‌ په‌يوه‌نديى نێوان لايه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانى ديداره‌كه‌ كرا له‌ هه‌ر وڵاتێك بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌يه‌كى باشتر، خێراتر و به‌هێزتر نيشانده‌ره‌كان به‌ده‌ست بهێندرێن. له‌م ديداره‌دا ئه‌زموونى چه‌ن وڵاتێك خرانه‌ روو له‌باره‌ى پێشڤه‌چوونه‌كانيان له‌بوارى ده‌سته‌به‌ركردنى ئه‌م نيشانده‌رانه‌، وه‌ك وڵاتانى ميسر، ئوردن، جه‌زائير، مه‌غريب، سودان، سۆمال و كه‌نداو. له‌ كۆتايى ديداره‌كه‌دا چه‌ند بڕيار و راسپارده‌يه‌ك ده‌ركران بۆ باشتر به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى تايبه‌ت به‌ به‌ده‌ستخستنى نيشانده‌ره‌كان.