له‌ رۆژانى 12-14 ى شوباتى 2019 سێيه‌مين كۆبوونه‌وه‌ى پسپۆڕانى ئاماره‌كانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ سه‌ر ئاستى جيهان (EGRIS)  له‌ شارى ئه‌نقه‌ره‌ى پايته‌ختى توركيا به‌ڕێوه‌ چوو. له‌م كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، كه‌ له‌ لايه‌ن ناوه‌ندى توێژينه‌وه‌ و راهێنانه‌ ئامارى، ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى وڵاتانى ئيسلامى ميواندارى كرا،  سيروان محمد، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم، و گوهدار محمدعلى، به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى دانيشتوان و هێزى كار له‌ ده‌سته‌ی ئامار به‌شدار‌ بوون. وڵاتانى ترى ئه‌ندام له‌ گروپه‌كه‌ بريتى بوون له‌: ئازربايجان، به‌نگلادش، بۆسنيا و هێرزێگۆڤينا، كاميرۆن، چاد، كۆلۆمبيا، كۆت ديڤوار، ئێكوادۆر، ميسر، ئه‌تيۆپيا، جۆرجيا، ئه‌ڵمانيا، يۆنان، هه‌نگاريا، عێراق، ئوردن، كينيا، كۆسۆڤۆ، ليبيا، لوبنان، ماليزيا، مالى، مه‌كسيك، مه‌غريب، نايجر، نيجريا، نه‌رويژ، فه‌له‌ستين، فيليپين، سۆماليا، باشورى ئه‌فريقا، توركيا، ئۆگه‌ندا و ئۆكراين.
هه‌روه‌ها ئه‌و رێكخراو و داموده‌زگايانه‌ى كه‌ ده‌سته‌ی سه‌رپه‌رشتیاری گروپه‌كه‌ن بريتين له‌: به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى كۆچى نه‌رويژ  ((The Norwegian Directorate of Immigratio، ده‌زگای ئاماری نه‌رویژ، ناوه‌ندى چاودێريكردنى ئاواره‌ نێوخۆييه‌كان( (IDMC، خزمه‌تگوزاريى پێكه‌وه‌گرێدانى فايله‌ تايبه‌تييه‌كانى ئاواره‌ نێوخۆييه‌كان (JIPS)، رێكخراوى هاوكاريى ئابوورى و گه‌شه‌پێدان   (OECD)، به‌شداريكردن له‌ ئامار بۆ گه‌شه‌پێدان له‌ سه‌ده‌ى 21
 (Participation in Statistics for Development in 21th Century - PARIS21)، 
 
بانكى گه‌شه‌پێدانى ئه‌فريقى (AFDB )، نووسينگه‌ى ئه‌وروپاى پاڵپشتيكردنى په‌ناخوازى(EASO)، به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيى گشتيى كۆچ و كاروبارى ماڵانى‌ كۆميسيونى ئه‌وروپا((DG HOME EC ، نووسينگه‌ى ئامارى يه‌كێتيى ئه‌وروپا EUROSTAT))، ناوه‌ندى توێژينه‌وه‌ و راهێنانه‌ ئامارى، ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كانى وڵاتانى ئيسلامى (SESRIC)، رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تيى كۆچ (IOM)، كۆميسيونى ئابوورى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ ئه‌فريقا (UNECA)، كۆميسيونى ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تيى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ رۆژئاواى ئاسيا (ESCWA) ، سندوقى فرياكه‌وتنى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان(UNICEF)، به‌شى ئامارى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان UNSD) )، سندوقى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان )UNFPA )،
 
بانكى ده‌وڵى ((WORLD BANK وهه‌روه‌ها كۆميسيونى باڵاى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ كۆچبه‌ران (UNHCR).
ئه‌ركى ئه‌م گروپه كه‌ له‌ ساڵى 2015 ده‌ستبه‌كاربووه‌‌ بريتييه‌ له‌ دامه‌زراندنى رێبه‌رێك بۆ‌ ئاماره‌كانى تايبه‌ت به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ ئه‌وه‌ى رێسا و ياساى يه‌كگرتوو بۆ گشت وڵاتانى جيهان له‌م بواره‌دا به‌رده‌ست بێت و به‌راوردكارى له‌ نێوان وڵاتان بۆ ئه‌م جۆره‌ ئامارانه كارێكى ئاسان و زانستى بێت‌. له‌م كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، دوايين گۆڕانكارى و تازه‌كراوه‌كان له‌ ره‌شنووسى تايبه‌ت به‌ ئاماره‌كانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ لايه‌ن ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌‌ تاوتوێ كرا و بڕيار درا گشت گۆڕانكارييه‌ پێشنياركراوه‌كان و په‌سه‌ندكراوه‌كان يه‌كبخرێن و دوايين ره‌شنووسى پڕۆژه‌كه‌ له‌ مانگى ئه‌يلولى 2019 بخرێته‌ به‌رده‌ستى ئه‌ندامانى گروپ بۆ ئه‌وه‌ى بڕيارى كۆتايى له‌سه‌ر بدرێت و ئاماده‌ بكرێت بۆ په‌سه‌ندكردنى كۆتايى و ناردنى بۆ به‌رده‌م كۆمسیۆنی ئامارى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان كه‌ بڕياره‌ له‌ مانگى ئادارى 2020 ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى په‌سه‌ند بكرێت و كارى پێبكرێت.