به‌مه‌به‌ستى ده‌ستپێكردنى ئاماده‌كارى بۆ  رووپێوى باردودۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌ندروستى‌‌ ئافره‌تان له‌ عیراق ، له‌به‌روارى 4/ 2/ 2019 له‌ دیوانى ئه‌مینداریه‌تى گشتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌شارى به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى لێژنه‌ى باڵاى رووپێوه‌كه‌ ‌نجامدرا. 
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى عێراق به‌رێوه‌چوو  كه‌ له‌هه‌مان كاتدا سه‌رۆكى لێژنه‌ى باڵایه‌ و به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و به‌رپرسى به‌شى ئاماره‌كانى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌  له‌ ده‌سته‌ى ئامار و نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى  ته‌ندروستى له‌ حكومه‌تى فیدرال  و  به‌رپرسى نوسینگه‌ى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان UNFPA  به‌رێوه‌چوو. ئه‌م رووپێوه‌ به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ل  ده‌زگاى ناوه‌ندى ئامارى عیراق  و به‌ هه‌ماهه‌نگى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان UNFPA  بریاره‌ له‌ مانگى نیسانى ئه‌مسال ده‌ستبكرێت به‌ ئه‌نجامدانى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى له‌م ساله‌دا بچێته‌ بوارى جێبه‌جێ كردن‌.
خولى یه‌كه‌مى ئه‌م رووپێوه‌ له‌ سالى 2011 ئه‌نجامدراوه‌ و به‌مه‌به‌ستى نوێكردنه‌وه‌ و به‌ده‌ستهێنانى زانیارى زیاتر سه‌باره‌ت به‌ دۆخى ئافره‌تان بریاردراوه‌ ئه‌مسال خولى دووه‌مى رووپێوه‌كه‌ بچێته‌ بوارى جێبه‌جێ كردنه‌وه‌، رووپێوه‌كه‌ كۆمه‌لێك بابه‌تى گرنگ تایبه‌ت به‌ ره‌وشى كۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌ندروستى بۆ ئافره‌تان له‌ خۆوه‌ ده‌گرێته‌وه‌ و له‌ هه‌موو پارێزگاكانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامده‌درێت.