رۆژى 21/ 5/ 2019 يه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى ليژنه‌ى باڵاى سه‌رژمێرى عێراق گرێدرا له‌به‌غدا به‌سه‌رۆكايه‌تى به‌رێز وه‌زيرى پلاندانان له‌عێراق و ئه‌ندامانى ليژنه‌.
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامار و به‌رێوه‌به‌رى ئامارى سلێمانى به‌شدارييان كرد له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌ به‌نوێنه‌رايه‌تى هه‌رێمى كوردستان و تيايدا پلانى كارى ساڵى 2019 له‌لايه‌ن به‌رێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى سه‌رژمێرى له‌عێراق خرايه‌ روو. هه‌روه‌ها ئه‌نجامى سه‌ردانى شاندى وه‌زاره‌ته‌كانى پلاندانان له‌عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ مسر شى كرايه‌وه‌ بۆ ئاماده‌بووان كه‌له‌م سه‌ردانه‌دا شاندى عێراق زانيارى وه‌رگرت له‌ده‌زگاى ناوه‌ندى ئامارى مسر له‌سه‌ر شێوازى جێ به‌جێ كردنى سه‌رژمێرى ئه‌لكترۆنى به‌ به‌كارهێنانى تابلێت.
به‌رێز وه‌زيرى پلاندانان له‌عێراق جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگى ئه‌م كۆبوونه‌وه‌يه‌ وه‌ك ده‌ستپێك بۆ كاره‌كان ئاماده‌كارى بۆ سه‌رژمێرى كه‌به‌زۆر گرنگ وه‌سفى كرد و داواى كرد ئه‌م سه‌رژمێرييه‌ ببێته‌ هۆى به‌شداريكردنى هه‌موو هاوڵاتيان به‌مه‌به‌ستى زامن كردنى ئاينده‌يه‌كى ده‌سته‌به‌ركراو هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌وا جگه‌ له‌وه‌ى سه‌رژمێرى پێويستييه‌كى گرنگه‌ بۆ عێراق، پابه‌ندبوونى عێراق نيشان ده‌دا له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌كانى له‌كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان بۆ جێ به‌جێ كردنى سه‌رژمێرى به‌پێى ستانده‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان و ئاماژه‌يدا به‌ پێويستى عێراق بۆ پاڵپشتى نێوده‌وڵه‌تى و به‌تايبه‌ت رێكخراوى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان له‌رووى ته‌كنيكيه‌وه‌ وه‌ك رێكخراوێكى تايبه‌ت به‌م بابه‌ته‌وه‌.