له‌ رۆژانى 22-24/9/2019 كۆبوونه‌وه‌ى تايبه‌ت به‌ شاره‌زايان بۆ تاوتوێكردنى قۆناغه‌كان و هه‌نگاوه‌كانى جێبه‌جێكردنى سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوانى عێراق بۆ ساڵى 2020 له‌ عه‌ممانى پايته‌ختى ئوردن به‌ڕێوه‌چوو.
له‌م كۆبوونه‌وه‌يه‌دا كه‌ به‌ هاوكاريى سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان و هه‌روه‌ها په‌يمانگه‌ى عه‌ره‌بى بۆ ديراسات و لێكۆڵينه‌وه‌كان به‌ڕێوه‌چوو، جگه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و ده‌زگاى ناوه‌نديى ئامارى به‌غدا، شاره‌زايانى وڵاتانى ئوردن، ميسر، تونس، سندوقى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ دانيشتوان، و راوێژكارى نيشتيمانيى سه‌رژمێريى عێراق به‌شدارييان كرد و گفتوگۆ و تاوتوێى تێروته‌سه‌ڵى بابه‌تى سه‌رژمێرى و قۆناغه‌كانى جێبه‌جێكردن و هه‌نگاوه‌ جێبه‌جێكراوه‌كان و هه‌روه‌ها ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م قۆناغه‌كانى داهاتوو و كۆى پرۆسه‌ى سه‌رژمێرى كرا.
بابه‌ته‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بريتى بوون له‌ پلانى گشتيى سه‌رژمێرى، چۆنيه‌تى پشتبه‌ستن به‌ بنه‌ما و راسپارده‌كانى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌باره‌ى سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوان و شوێنه‌كانى نيشته‌جێبوون، رۆلى چاوه‌ڕوانكراوى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم له‌ پڕۆسه‌كه‌دا، رۆلى كه‌رته‌كانى كارى مه‌يدانى و هه‌نگاوه‌ جێبه‌جێكراوه‌كانى ئه‌م كه‌رتانه‌، ئاليه‌تى كارى مه‌يدانى، پێشكه‌شكردنى ئاليه‌تى ئه‌نجامدانى سه‌رژمێريى ئه‌ليكترۆنى، رۆلى سيسته‌مى زانياريى جوگرافى له‌ جێبه‌جێكردنى سه‌رژمێريى ئه‌ليكترۆنى، هه‌يكه‌لى كارى سه‌رژمێرى له‌ هه‌رێم و شوێنه‌كانى ترى عێراق، ئاسايشى داتا و نهێنيبوونيان، رۆلى چاوه‌ڕوانكراوى گه‌ياندن و په‌يوه‌ندييه‌كان، راگه‌ياندن و رۆلى چاوه‌ڕوانكراوى، ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌م سه‌رژمێرى و رێگاچاره‌ پێشنياركراوه‌كان به‌ دوورودرێژى و به‌ وردى باسيان لێوه‌كرا و گفتوگۆى تێروته‌سه‌ڵيان له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌م كۆبوونه‌وانه‌دا بڕيار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنى به‌ڵگه‌نامه‌يه‌كى نيشتيمانى بۆ جێبه‌جێكردنى سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوان كرا كه‌ له‌ لايه‌ن لايه‌نه‌ سياسييه‌كانه‌وه‌ واژۆ بكرێت و هاوكار و هۆكار بن بۆ جێبه‌جێبوونى سه‌رژمێريى گشتيى دانيشتوان له‌ عێراق. هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر گرنگيى پلانى راهێنان و كۆنترۆلى چونايه‌تيى داتاكان كرا و باس له‌ هه‌ماهه‌نگى و پشتيوانيى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى، كه‌رتى تايبه‌ت و دامه‌زراوه‌ ئه‌كاديمييه‌كان كرا له‌ پڕۆسه‌كه‌دا. گرنگيدان به‌ راهێنانه‌كان و په‌ره‌پێدانى توانا نێوخۆييه‌كان بۆ دابينكردنى پێداويستييه‌كانى سه‌رژمێريى به‌ باشترين شێوه‌، شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ خواره‌وه‌ و كه‌مكردنه‌وه‌ى ئيجرائات و به‌دوورگرتنى سه‌رژمێرى له‌ ده‌ستوه‌ردانى سياسى، بابه‌تى ترى گرنگى نێو كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.
له‌ كۆتاييدا بڕياردرا بۆ هه‌ماهه‌نگيى زۆرتر و به‌رهه‌مدارتر، به‌رده‌وامى بدرێت به‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌ش و هه‌مه‌لايه‌نه‌كانى په‌يوه‌ست به‌ سه‌رژمێرى له‌ نێوان لايه‌نه‌ ئامارييه‌كان و لايه‌نه‌كانى ترى په‌يوه‌نديدار به‌م بابه‌ته‌وه‌.